مەسرور بارزانی:دەتوانین کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ کوردستان دابینکەین، هەروەها کارەبا بۆ هەموو عراق و وڵاتانی دراوسێش دابینکەین
دەگێڕنەوە....لە گوندێك خەلیل ناوێک هەبوو کە لەبەرامبەر بوونی بە پێشەواو گەورەی گوندەکە بەڵێنی بە خەڵکی گوند دەدا کە بەو نزیکانە لە برسیەتی ڕزگاریاندەکات و خواردنی باشیان بۆ دابیندەکات وە خەڵکەکەش زۆر دڵخۆشانە و بە جۆش و خرۆشەوە چەپڵەیان بۆ لێ دەدا و هانیان دەدا.
ڕۆژێك ژنێکی بەساڵاچوو بەپێش ماڵی خەلیلـدا تێپەڕی کە هەندێك لە ئاواییەوە دووربوو،بینی مناڵەکانی لە برسان دەگرین و لەچاوەروانی خواردنا دایکیان ئاوی دەکوڵاند تا مناڵەکان هیوایان بەوەبێت کە خواردن لەڕێیە!
بینی خۆراکی ڕۆژێکیان بە لایەنی زۆرەوە نیوە ژەم و چارەکە ژەمە،بە لایەنی کەمیشەوە ئەو چارەکە ژەمەش نییە.
ژنە ملی بەرەو ئاواییەکەنا و بەرامبەر گوندنشینان بە پرسەوە ووتی:
چۆن پیاوێک گوندێك لە برسییەتی ڕزگار دەکات لەکاتێکدا خێزانەکەی برسین؟،چۆن بەڵێنی دابینکردنی خۆراکێکی ئاست بەرز بۆ خەڵك دەباتە سەر لەکاتێکا ماڵەکەی خۆی ڕۆژ هەیە هیچ نییە بیخۆن و ڕۆژیش هەیە چارەکە ژەم و نیوە ژەمێك دەخۆن.
ئەوسا خەڵکی گووند لە چەپڵەلێدان وەستان و تێگەیشتن کە پیاوێك ماڵەکەی خۆی پشتگوێ بخات هەرگیز ناتوانێت گوندێك بەڕێوەببات.
تێگەیشتن کە خەلیل دەیهەوێ بوون بە گەورەی گوندەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت تا خۆی تێر بکات،نەک خەڵک لە برسییەتی ڕزگار بکات.
تێگەیشتن کە هاوار و بەڵێنەکانی خەلیل لەتاو برسێتی دەستکەوتەکانی خۆیبوو نەك خەم خۆری بۆ گوندنشینان.
منیش ووتم:نەمزانیبوو کەسێك خاوەنی شتێکبێت کە ٣٣ ساڵە پێویستی پێبووەو بەکاری نەهێناوە،بەڵام ئێستە بییەوێت بیبەخشێتە خەڵك لە زیادە.
نەمزانیبوو هەرێمێك ٣٣ ساڵ نەتوانێت کارەبای چوار پێنج شار و هەندێ گوند دابین بکات ئێستە بەڵێنی دابینکردنی کارەبا بە وڵاتانی دراوسێبات!

