Pro Blogger Templates

ئایا ھەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی، ھەڵوێستی یەکێتییە لەسەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان؟

 

ڕێوان ئاریان

بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی مام جەلالەو ھەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی یەکێتییە، ئەگینا لەسەخترین ڕۆژگارەکانی خەباتی یەکێتی، بافڵ و قوبادی برای، لە لەندەن ژیاون و ھەردووکیشیان تەنانەت نزمترین بڕوانامەیان نەھێناوە! بۆ ١٠ ساڵ دەچێت، بافڵ سەرۆکی یەکێتییە. زیاتر لە باوکی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ پاسداران و بەرەی مقاوەمەت ھەیە. 

جاران باوکی دەیتوانی ئێران بۆ ئامانجەکانی بەکار بھێنێت، بەڵام ئێستا ئێران بافڵ بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاردەھێنێت. زۆر ناخایەنێت دەردەکەوێت، بافڵ لەگەرمەی سیاسەتی ئیقلیمی ھەڵدەدێرێت! چونکە دەیەوێت ھێلکەی مریشکی ئێران و قەلی ئەمریکا و  مراوی بەریتانیا و دەوڵەتانی تریش لەسەبەتەی بچوکی ئەقڵی خۆی کۆبکاتەوە. جا بابزانین چۆن ئەم بەناو سەرۆکە، ھیچ پەیوەندییەکی بە نەریتی سیاسی مام جەلالەوە لەبەشەکانی کوردستان نییەو نمونەی ئەم نوسینەمان لەسەر ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. بۆئەوەی باشتر بتوانین مەبەستەکەمان ڕوون بکەینەوە، ھێندەی مامجەلال دەناسین و بەڵگەنامەکانی یەکێتیمان خوێندۆتەوەو ڕووداوەکانمان لەبەر چاوە، لەسیاسەتی مام جەلالەوە بەرامبەر بە کوردایەتی پارچەکانی تری کوردستان دەچینە ناو بابەتەکەوە. 

  مام جەلال، ڕاستە پیاوێک بوو پڕاوپڕ تەکتیکباز بوو، بەڵام بەرامبەر بەنەتەوەکەی بەمانای کوردایەتی کورد پەروەربوو. لەم ڕۆژانە بەڵگە نامەکانی یەکێتیمان خوێندەوە. ھەر لەسەرەتاوە لە نامیلکەی یەکێتیی نیشتیمانیی بۆچی، باوەڕی بە پەیوەندی ئۆرگانیکی بەشەکانی تری کوردستان ھەبووە. بۆیە حزب نەماوە لە ھیچ بەشێکی کوردستان مام جەلال نەیدیبن و ھاوکاریشی نەکردبن. دوور نەڕۆین، یەکێتی وەکو ھێزی پشتیوان بۆ پشتیوانی کردنی شۆڕشی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، نازناوی دەرکرد. ئەوکاتە پارتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەڵی دەکوتایە سەر حزبی دیموکراتی کوردستان. بەڵگە نامەکان پێماندەڵێن یەکێتی ھەتا ساڵی ١٩٩٢ پاڵپشتی خەباتی ھەموو بەشەکانی کوردستان بووە. لەوە بەدوا پەکەکە ھەڵەیکرد دژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەستا. پارتی و یەکێتیش ھەڵەیەکی قورستریان کرد، کە بەقسەی تورکیا شەڕی پەکەکەیان کرد. زوو ئەم شەڕە لەکۆڵ بووەوە. ھەم پەکەکە ھەڵەی خۆی ڕاستکردەوە، ھەم لەدوای دواشەڕی نێوان یەکێتی و پەکەکە ١٩٩٧، ئیتر یەکێتی لاپەڕەی شەڕی لەگەڵ پەکەکە داخست. 

  چ لەشاخ و چ لەدوای ڕاپەڕینەوە، حزبی دیموکرات و کۆمەڵە لە ناوچەکانی یەکێتی داڵدەدراون. گەرچی پاسداران توانیان لەڕێگای ئەندام و مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانی ئەوکاتەی یەکێتییەوە، لەشاخی ھەیبەت سوڵتان دەست لە دیموکرات بوەشێنن. بەپێی ئەو ھەوڵانەی بڵاو دەکرایەوە، یەکێتی پێشتر ھەواڵەكەی بە دیموکرات گەیاندبوو خۆیان بپارێزن. 

 دەشێت بڵێین: یەکێتی سەرەڕای جارجار ھەڵە بەرامبەر بە باکور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، یەکێتی ھەمیشە خزمەتی کردون و داڵدەی داون. ئەمە شەرەفێکی سیاسی گەورەبوو، باڵام بافڵ و مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتی، ئەو شەرەفە سیاسییەیان ھەرزان فرۆشکرد. ئەوەتەی بافڵ بووە بە سەرۆکی یەکێتی، تەنگی بەدیموکرات و کۆمەڵە ھەڵچنیووەو چوەتە سەر بارەگاکانیان! سەرکردەکانی دەرپەڕاندوون بۆ ھەولێر! ئۆردوگای زۆرە ملێی لە سورداش بۆ دروستکردوون!

 لەدێژەی ئەم تێگەیشتن و سیاسەتەی بافڵ، پێرێ لەگەڵ کەناڵێکی ئەمریکی چاوپێکەوتنی بە ئینگلیزی کردووە. کەناڵ ٨ی بافڵیش بە کوردی بەخشیکرد. چەند خاڵێکی سەرنج ڕاکێشی پڕ لەگومانی باسکرد. لەوانە: 

یەکەم: کوردی ئێران نیوەی شیعەیەو شیعەش لەگەڵ دەوڵەتە.

دووەم: خەڵکەکەی تر بەشێکی کەمیان لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژھەڵاتن و زۆربەی خەڵک بەقسەیان ناکات.

سێیەم: لەم ھەلومەرجەشدا ناتوانن کوردستانی ئێران ڕزگار بکەن. ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ئێران سەردەکەوێت. 

  لە سی ساڵی ڕابردوو یەکەمینجارە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەلی ڕزگارکردنی بۆ ھەڵدەکەوێت. بێڕادە گەلەکەمان لە ڕۆژھەڵاتدا دڵیانخۆشەو ئومێدەواری سەرکەوتنن. کەچی لەو کاتەدا بافڵ ھیچ نەبێت بێدەنگی ھەڵبژاردایە، نەک وەکو ئیتڵاعاتی ئێرانی ئەم قسانەی بکردایە!. 

  پێناچێت ئەم بەناو سەرۆکە مێژووی ئێرانی خوێندبێتەوە. (مێژووی کوردیشی نەخوێندوەتەوە)، لەوەش ناچێت لەدووریشەوە بزانێت ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و کەلھوڕو لوڕەکان، چەند جوامێرن و چەندیش ئامادەی ڕاپەڕینن. ھیچ نەبێت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بیزانیایە ،کرماشان و ئیلام ھاوشاری شارەکانی تر ڕاپەڕیون و شەھید و برینداری زۆریشاندا. ئەو ناوچانە کانگایەکە، لە گانگای ھونەری کوردی و لەدابونەریتی کوردەوارین. پاشان بە چ ھەقێک بافڵ ملیۆنەھا کوردی شیعە  دادەماڵێت لە ھەستی کوردایەتی  و سەنگەری ڕزگاری. بۆ پێیوایە ھەرچی شیعەبێت کۆیلەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لەدوا ھەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئێراندا لە کرماشان و ئیلام و ناوچەکانی کەلھوڕدا، کاندیدەکان کەمترین دەنگیان ھێناوە. 

ئەی بافڵ بۆ پێیوایە ناوچە سوننەنشینەکان بەقسەی دیموکرات و کۆمەڵەو ھێزەکانی تری کوردایەتی ناکەن. بیریچوو لەکاتی خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا، لەگەرمەی ڕاپەڕینی ژینا و ژناندا. بەیەک بەیاننامەی ھاوبەشی دیموکرات و کۆمەڵە، زۆربەی ڕەھای کوردستانیان مانیان دەگرت. ئەمە جگە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناو شیعەی شارە فارسەکانیشدا پێگەی لاوازو لەرزۆکە. چەندین ھەڵبژاردنە لە تاران و شارە فارس نشینەکان کەمترین شیعە دەنگ بە کاندیدە شیعەکان دەدات. 

  لەکۆتایشدا دەڵێین : بافڵ بەم قسانەی ھەستی زیاتر لە ١٥ ملیۆن کوردی بریندار کردووەو دیموکرات و کۆمەڵەو ئەوحزبانەی ھاوپەیمانیان بەستووە، دڵنیاین زۆر نیگەرانن لێی. 

  ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێت ،بافڵ شەرمەزاری ئەم قسانەی دەبێت.!بەگریمانەیەکی لاواز ئێران ئاڵای شەرمەزاری بەرزبکات و قەوارەی تۆتالیتارییەکەی بپپارێزێت، بافڵ بەم قسانەی سەری لەئاستی ڕۆژھەڵاتی کوردستان شۆڕەو مێژووی یەکێتێشی عەیبدار کردووەو دڵنیاشین ئەم قسانەی بافڵ، پاڵ بەڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەنێت زیاتر لەدەوری پارتی کۆببنەوە.


بابەتی دواتر بابەتی پێشتر