Pro Blogger Templates

یەکێتی، لە ناو بەرداشی جەنگەکە گیریخواردووە!


زانیاریی و شرۆڤەی بژار

ئەوەتەی یەکێتی دامەزراوە، تائێستا پێنج جەنگی گەورە بەرپا کراوە.

جەنگی یەکەم، عێراق دژی ئێران بەرپایکرد. جەنگی دووەم، عێراق کوەیتی داگیرکرد. جەنگی سێیەم، عێراق مەرجەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی قبوڵنەکردو جەنگی دژی ھاوپەیمانان ڕاگەیاند. جەنگی چوارەم, عێراق ئامادەنەبوو دەبۆی چەکە کیمیاوییەکانی ڕادەستی ئاژانسی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بکات. کە بوو بەمایەی جەنگێکی تر لەنێوان عێراق و ئەمریکا و ھاوپەیمانان. پێنجەمین جەنگیش، ئەم جەنگەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانە.

ئەگەر بە ئەدەبیاتی نوسراوی یەکێتی لەم جەنگانەدا بچینەوە، بۆمان دەردەکەوێت، یەکێتی بە ھەلقۆستنەوەیەکی وریایانە، بە ڕابەرایەتی مام جەلال، مامەڵەی لەگەڵ ئەو جەنگانەدا کردووە. لەھیچ جەنگێکدا یەکێتی مفاوەزاتی لەگەڵ ڕژێمی عێراق ڕەتنەکردەوەتەوە، بەڵام سەدام ئامادە نەبووە داخوازییەکانی کورد جێبەجێ بکات. لەدوا جەنگی ھاوپەیمانان بۆسەر ڕژێمی سەدام، یەکێتی و بەرەی کوردستانی، بە نھێنی لەگەڵ ھاوپەیمانان بوون. بەڵام بەئاشکرا دژی بەرپاکردنی جەنگ و داگیرکردنی عێراق بوون. تەنانەت ساڵی ١٩٩١، کە بەعس لە جەنگی کوەیتدا بەزیبوو. بەرەی کودستانی مام جەلال-یان نارد بۆ بەغداد، لە کاتێکدا ملیۆنەھا کورد لەسەر سنوروکان لەبەر سەرما ھەڵدەلەرزین و لە برسا دەمردن. ئەنجومەنی ئاسایش خەریکی بڕیاربوو بۆ بەرگریکردن لە کۆڕەو، مام جەلال دەستەو دامێنی سەدام بوو شەرمەزارترین ماچی سیاسی پێشکەش بە سەدام کرد و تەواوی ئاژانسەکانی دەوڵەتانی دۆستی کوردی ئەبڵەقکرد!.

واجەنگێکی چارەونوسساز لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپاکراوە. یەکێتی زیاتر لە جەنگەکانی پێشوو، گیریخواردووە و لەدەربڕینی ھەڵوێستا داماوە. لە لایەکەوە پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ھەیە. لەلایەکی تریشەوە پابەندی ھێزەکانی شیعەی دەسەڵاتداری عێراقە. قەرزارباری ئەمریکاشەو ناتوانێت بەھیچ شێوەیەک پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکاو ئیسرائیل، یەک ھەنگاویش بھاوێت. تەنانەت بۆیەکەمینجارە سەرۆکی ئەمریکا تەلەفۆنی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیش کرد.

ئێران ئاشکرا ھەڕەشەیکرد، ئەگەر یارمەتی ھێزەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ھێرش بۆسەر ئێران بدرێت، داوودەزگاکانی ھەرێم بۆردومان دەکات. ئەم ھەڕەشەیە ھۆکاربوو، کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھێرشەکانیان ئەمڕۆ ڕابگرن!.

بافڵ تاڵەبانی بەھەڵەداوان کەوتە لێکدانەوەی تەکتیکی بەرامبەر بە ئێران. وتی:

ھیچ نیشانەیەکی ڕاپەڕین لەئێراندا نییە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش یەکگرتوو نییە. تەنانەت لە پۆستێکدا خامنەیی بە شەھید لەقەڵەم دابوو، ئەوەشی سڕییەوە.

ئێمە دڵنیاین، یەکێتی کەوتۆتە ناو بەرداشێکەوە ھەموو سەرێکی چەشنی چەقۆ جەستەی سیاسەتی یەکێتی بریندار دەکەن. نەدەتوانێت دژی ئەمریکا بێت، نەدەشتوانێت بەئاشکرا دژی ئێران بێت، نەپێشیدەکرێت، لە عێراق داببڕێت. ژێر بەژێریش لە گورزی ئیسرائیل دەترسێت.

ئاماژەی جموجۆڵی سیاسەتی بافڵ و یەکێتی پێماندەڵێت: یەکێتی ھێشتا دڵنیانییە لە چارەنوسی جەنگەکە. بەدووری نازانین لە ژێرەوە لەگەڵ ھێزەکانی ڕۆژھەڵات کەین و بەینی ھەبێت و ھەوڵبدات ئاشتیان بکاتەوە. چونکە تاوانی گەورەی بەرامبەریان ئەنجامداوە. دڵنیاشین لەگەڵ ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانی پێداون. ھەوڵیشدەدات شیعەکانی عێراق ڕازی بکات.

ئایا بافڵ کوڕی مام جەلال، بەم مەکتەبی سیاسییە لاوازەی ھەیەتی، دەتوانێت وەکو مام جەلال، سەر لەم ھەموو کێشەو بێشەیە دەربکات و سەرەنجام لەم جەنگەدا باجی قورس نەدات؟!


بابەتی دواتر بابەتی پێشتر