هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی بەمەبەستی ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان، لەکاتێکدا گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی ئازادکردنەکەی بەردەوامە، فشارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کەیسەکەی نەبێتە دەستکەوتێکی سیاسی بۆ هەولێر.
سەرچاوەیەکی زۆر ئاگادار لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بوار ئاشکرای کرد، بەڵێن بە بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگی دراوە، کە ناوبراو پێش جەژنی ڕەمەزان ئازاد بکرێت و ڕۆژانی جەژن لە دەرەوەی زیندان بێت.
سەرچاوەکە هێما بۆ ئەوە دەکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە سەدا سەد یەکلایی نەبووەتەوە و بنەماڵەکەى گومانیان لە جێبەجێکردنى هەیە، بەڵام ئاراستەی هەوڵەکان بەو جۆرەن ، کە دۆسییەکە پێش جەژن یەکلایی بکرێتەوە.
لەبارەی سیناریۆکانی دوای ئازادکردنیشی، زانیارییەکان ئاماژە بە دوو پێشنیار دەکەن، کە لەسەر مێزی گفتوگۆن و هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە:
• پێشنیاری یەکەم: ناوبراو لە شاری سلێمانی بمێنێتەوە و بەردەوامی بە کاری سیاسیی خۆی بدات.
• پێشنیاری دووەم: بۆ ماوەیەک لە کاری سیاسی دوور بکەوێتەوە و دواتر بگەڕێتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی، کە بەپێی سەرچاوەکان، جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە تا ڕادەیەک قورسە.
ڕەهەندێکی دیکەی کەیسەکە، پەیوەندی بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانییەوە هەیە، زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، فشارێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی "کارتی ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی" لەلایەن هەولێرەوە وەک دەستکەوت بەکارنەهێندرێت.
لەسەر بنەمای ئەو فشارانە، داوا دەکرێت بڕیاری ئازادکردنەکە ڕاستەوخۆ لە سلێمانییەوە بدرێت نەک لە هەولێر، ئەویش پێش ئەوەی دۆسییەکەی لە دادگای تەمییز یەکلابێتەوە و دادگاکە بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
لە ئێستاشدا، هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن، دەرچەیەکی یاسایی بۆ بابەتەکە بدۆزرێتەوە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پرۆسەی ئازادکردنەکە بەبێ کێشەی یاسایی و پێش پشووەکانی جەژن جێبەجێ بکرێت.

