لە پێشهاتێکی سیاسیی نوێدا، دیمەنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتیی دیموکراتیی کوردستان و نوری مالیکی سەرۆکى لیستى دەوڵەتى یاسا و کاندید بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی، بەشێوەیەک ئەو پارتەی تا دوێنێ دەستپێشخەر بوو بۆ پیرۆزبایی، ئەمڕۆ بەهۆی فشارێکی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەی ڕێککەوتنەکانی گۆڕیوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کە رۆژنامەى شەرقلئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، تووشی گۆڕانى بەسەردا هاتووە.
سەرچاوەکان هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە خێرایە بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دەگەڕێننەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە تویتێکدا بە ڕوونی هۆشداری داوە لە دەرئەنجامەکانی گەڕانەوەی مالیکی بۆ دەسەڵات.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، یەکەم کەسبوو پیرۆزباییلە مالیکی کرد، کە وەک ئاماژەیەک بۆ ڕەزامەندیی پارتی لێکدەدرایەوە، بەڵام هاتنە سەرخەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فشارە هەرێمییەکان، وایکرد پارتی بە خێرایی پێداچوونەوە بەو نزیکبوونەوەیەدا بکات.
کاریگەریی تویتەکەی ترەمپ زانیارییەکان دووپاتیدەکەنەوە، تویتە هۆشدارییەکەی ترەمپ وەک "کارتی سوور" وابووە و هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندیی نەیارانی مالیکی گۆڕیوە.
ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر کاریگەریی ئەو فشارانەدا، لەبری پشتیوانی، خەریکە دەبێتە بەربەست لەبەردەم خەونی ویلایەتی سێیەمی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا.

