له رابردودا، پارتى له‌گه‌ڵ نورى مالكى و حزبه‌كه‌ى (ده‌عوه) و لیسته‌كه‌یشى (ده‌وڵه‌تى قانون)دا، له ناكۆكییه‌كى قوڵدا بون و هه‌میشه یه‌كترییان تۆمه‌تباركردوه، به‌ڵام له چه‌ند هه‌فته‌ى رابردودا، جۆرێ له‌نزیكبونه‌وه له‌نێویاندا روى دا و كاتێكیش چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیى نورى مالكى بۆ پۆستى ویلایه‌تى سێیه‌مى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كاندیدكرد، به‌جیا هه‌ریه‌كه له مه‌سعود بارزانى، نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى، به راگه‌یاندراوى فه‌رمیى و ته‌له‌فۆن پیرۆزباییان له ناوبراو كرد.
دۆناڵد تره‌مپ له‌پۆستێكى چه‌ند دێڕیى دا، ریسه‌كه‌ى مالكى كرده‌وه به‌خوریى و هۆشداریى توندى دا ئه‌گه‌ر ببێته‌وه به سه‌رۆكوه‌زیرى عێراق، هه‌مو هاوكارییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق كۆتایى پێدەهێنێت.
ئه‌وه‌ى تێبینیده‌كرێت: مالكى یه‌كێكه له هه‌ره كاراكته‌ره به‌هێزه‌كانى ناو چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیى و به به‌راورد به سه‌ركرده‌كانى دیكه‌ى ناو چوارچێوه‌كه، زۆرترین ده‌نگى په‌رله‌مانتارانى شیعه‌ى له‌گه‌ڵدایه و ئه‌مه‌یش وایكردوه جۆرێ له رێكه‌وتنى پێشوه‌خته هه‌بوبێت له‌نێوان پارتى و مالكى دا، بۆ ئه‌وه‌ى پارتى پشتیوانیى له مالكى بكات بۆ ویلایه‌تى سێیه‌م و حكومه‌ته‌كه‌ى، مالكى-یش پشتیوانیى له كاندیده كورد-شیعه‌كه‌ى پارتى (فوئاد حسێن) بكات بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمارى عێراق، كه هه‌ر ئه‌مه‌یشه ئه‌و نیگه‌رانیى و ترسه‌ى لاى یه‌كێتیى دروستكردوه؛ كه پێده‌چێ ئه‌مجاره پارتى به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى، به‌ڕه‌كه له‌ژێر پێى دا رابكێشێت و پۆستى سه‌رۆككۆمارى لێ وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تیى كاتێ كاندیده‌كه‌ى كوردێكى شیعه‌یه و ئه‌وه‌یش دیوێكى دیكه‌یه؛ كه ده‌بێته كه‌سێكى خوازراو له‌لاى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتارانى شیعه، سه‌ره‌ڕاى ئاڕاسته‌كردنى زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتارانى شیعه له‌لایه‌ن مالكى و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه؛ بۆ ئه‌وه‌ى له په‌رله‌مان دا ده‌نگى پێبده‌ن.
واتا: سه‌ره‌ڕاى ئه‌م لێكنزیكبونه‌وانه، كاتێ تره‌مپ به پۆستێكى ڤیتۆ ده‌خاته سه‌ر مالكى، یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه‌كانى ئه‌و پۆسته، له‌باربردنى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى پارتى و مالكى ده‌بێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مالكى-یشى خستوه‌ته دۆخێكه‌وه؛ كه جورئه‌تى ئه‌وه نه‌كات سه‌ركێشیى بكات و پێناچێ فراكسیۆنى پارتى و سوننه‌كان و به‌شێكى شیعه‌یش له په‌رله‌مان دا ده‌نگى بده‌نێ؛ ئه‌گه‌رهاتو مالكى له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمارى داهاتوى عێراق-ه‌وه بۆ ویلایه‌تى سێیه‌م رابسپێردرێت، كه ئه‌مه‌یش ترسه له ڤیتۆكه‌ى تره‌مپ له‌دژى ناوبراو.
چه‌ند ئه‌گه‌رێك له‌به‌رده‌م مالكى دا هه‌ن:
- كشانه‌وه، به‌ر له‌كاندیدكردنى له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمارى داهاتوه‌وه، واتا زه‌حمه‌ته بتوانێت ئاڵنگاریى تره‌مپ بكات.
- مانه‌وه، تا ئه‌وكاته‌ى سه‌رۆككۆمار كاندیدى ده‌كات و له‌ماوه‌ى ئه‌و مانگه‌دا كه بۆى دیاریده‌كرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى، ئینجا بكشێته‌وه. ئه‌مه‌یش هه‌ر كشانه‌وه‌یه به‌شێوازێكى دیكه.
- به‌رده‌وامبون، كه ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكى لاوازه و پێناچێ له‌ناو په‌رله‌مان دا ده‌نگى پێویست بهێنێت، یان رێكه‌وتنێكى شاردراوه بكرێت، به ره‌زامه‌ندیى خودى مالكى، كه له په‌رله‌مان دا كابینه‌كه‌ى متمانه به‌ده‌ستناهێنێت و ناچاربێت به كشانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى نیشانبدرێت عێراق خاوه‌ن بڕیارى سه‌ربه‌خۆیه و مالكى-یش له‌ژێر فشاردا نه‌كشاوه‌ته‌وه. وه‌كچۆن ئه‌گه‌ر مالكى ببێته‌وه به سه‌رۆكوه‌زیر، عێراق روبه‌روى قه‌یرانێكى كاره‌ساتبارى ئابوریى، مرۆیى و سیاسیى ده‌بێته‌وه و زۆر به‌ئاسانیى موقته‌دا صدریش شه‌قامی له‌دژ ده‌جوڵێنێ و حكومه‌ته‌كه‌ى توشى شڵه‌ژان و قه‌یرانى قوڵتر ده‌كات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ئێستادا هاوپه‌یمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ماڵى شیعه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار و مالكى، كه ئێرانه، له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكى گه‌وره‌ى ئابوریى و سیاسیى و دۆخێكى شڵه‌ژاو و مه‌ترسیدارى سه‌ربازییدایه.
پارتى-یش له‌دواى هه‌ڕه‌شه‌كانى تره‌مپ له مالكى و عێراق، له‌به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێكدایه:
- هه‌ڵبژاردنى بێده‌نگیى و فڕێدانى تۆپه‌كه بۆ گۆڕه‌پانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیى و مالكى؛ بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان ئه‌و قه‌یرانه یه‌كلابكه‌نه‌وه، وه‌كچۆن ئێستا ده‌یبینین. رەنگە لە پشتی پەردەیشەوە، سەرنجی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی رابکێشێت؛ بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ بەجدیی وەربگرن.
- كاڵبونه‌وه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان له ئه‌گه‌رى یه‌كلابونه‌وه‌ى مالكى دا بۆ كشانه‌وه و گۆڕینى ته‌رازوى هێز له هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى یه‌كشه‌ممه‌دا بۆ سه‌رۆككۆمار؛ بۆ به‌ره‌ژه‌وه‌ندیى كاندیده ئامێدییه‌كه‌ى یه‌كێتیى و پێداگریى ئێران-یش له‌مباره‌یه‌وه.
- ده‌نگنه‌دانى فراكسیۆنه‌كه‌ى له په‌رله‌مانى عێراق دا به مالكى بۆ ویلایه‌تى سێیه‌م، ئه‌گه‌ربێتو خۆى و زۆرینه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیى سوربن له‌سه‌ر كاندیدكردنى.
ئه‌ى دۆخه‌كه بۆ یه‌كێتیى چۆنه؟
هه‌رچه‌نده یه‌كێتیى هاوپه‌یمانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه، به‌ڵام ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ى تره‌مپ خۆشحاڵیده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێده‌نگیش بێت (هه‌رده‌بێت وابێت)، چونكه مالكى له‌مدواییانه‌دا هێنده‌ى له پارتى-یه‌وه نزیكبوه‌ته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شیان هه‌یه، له یه‌كێتیى-یه‌وه نزیك نییه، ره‌نگه كه‌مێ چانسى ده‌رچونى كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتیى بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمار به‌هێزتربوبێت؛ به‌راورد به پێش هه‌ڕه‌شه‌كانى تره‌مپ له مالكى.
ئه‌ى سودانى؟
محه‌مه‌د شیاع سودانى، كه گه‌وره‌ترین لیستى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق-ى هه‌یه و ژماره‌ى كورسییه‌كانى 46 كورسییه، ره‌نگه له په‌رله‌مان دا، لانیكه‌م زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاره‌كانى ده‌نگ نه‌ده‌نه مالكى و پیرۆزباییه گه‌رموگوڕه‌كانى بارزانییه‌كانیش له مالكى، سودانى نیگه‌رانكردوه، وه‌كئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر سودانى چانسى هه‌بێت بۆ خولى دوه‌م بچێته‌وه سه‌ر كورسیى ده‌سه‌ڵات، ره‌نگه نه‌رمینواندنى به‌رانبه‌ر به پارتى و حكومه‌تى هه‌رێم وه‌كو پێش‌و نه‌بێت، به‌تایبه‌تیى هاتنه‌وه‌ى سودانى بۆ سه‌ر كورسیى ده‌سه‌ڵات، ئه‌مجاره به ئه‌زمونى زیاتر و به پشتیوانیى كورسیى زیاترى په‌رله‌مانییه‌وه دێته‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌گه‌رى هاتنه‌وه‌ى بۆ سه‌ر كورسیى ده‌سه‌ڵات، به ڤیتۆى ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت.
ئه‌مجاره‌یش، هاوشێوه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى پێشوى پارتى و حه‌لبوسى و صدر، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى پارتى و مالكى به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت و ده‌مێكیشه گوتراوه: "سیاسه‌ت هونه‌رى مومكیناته"، به‌ڵام مومكیناتى بونه‌وه‌ى مالكى به‌سه‌رۆكوه‌زیر، زۆر نزیكه له مه‌حاڵ.

