چەند مانگێک بەر لە ئێستا، لە نیسکەشووشەی کامێرای یەکێ لەو پەیجە ئەلکترۆنیانەوە، چاوپێکەوتنی پیاوێکی خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدی بە تەمەنم بەرچاوکەوت.
دادەی پەیامنێر پرسیاری هیوای مامە حاجی کرد، بەوەی گوزەرانی خەڵک لە سایەی ئەم دەسەڵاتە چاک ئەبێت یاخود نا؟
مامەی ئەختیاریش وتی: نایبڕی، ئەگەر نایبڕی با پێت بڵێم: کێ چاکی بکات فڵانە کەس!؟
هەر خۆشی بە دەم دەست بادان و سەر لەقانەوە گووتی: تڕحێوووو. ئیتر نازانم شەرم لە هەڵەبجە، تەمەنی مامە یاخود دەست نەگەیشتنی کاکی تڕحێو بوو بە مامەحاجی، تا ڤیدیۆی (وامزانی ڕادیۆیە)ی پێ تۆمار نەکرد لە تەلەفزیۆنی وانێک!؟
لە سەروبەندی خۆپیشاندانی خوێندکارانیشدا، خوێندکارێکی خەڵکی گۆپتەپەی شەهید لە بەردەم زانکۆی سلێمانیدا بە دادەیەکی دیکەی وت نایبڕی، لایڤە، ئەگەر لایڤە قسە ئەکەم، ئەزانی پەیامم چیە بۆ ئەم حکومەتە!؟ میلی هێنایەوە و دەستی گرت بە دەمییەوە و بە جڕڕڕتێك پەیامی خۆی نارد.
بەڵام هەر زوو دەستیان پێی گەیشت. زانکۆ لای خۆیەوە بڕیاری فەسڵ کردنی دا. حکومەتیش ناوی بە زاڵگەکاندا بڵاوکردەوە وەکو تۆمەتبار. دەرگای بەشی ناوخۆییشیان ئەو شەوە لە سەر داخست. لە سۆشیال میدیاش کەوتە بەر هێرشێکی ناڕەوا. هەموو ئەمانەشی بە گەیشتنە بەردەمی سەرۆك بۆ ڕاستکرایەوە. ئیتر نەمانزانی جڕت لە کوێی سزاکانی زانکۆ بۆ دەرکردنی خوێندکار جێی بۆتەوە؟ وە نەشمانزانێ لە کوێی سزا مەدەنییەکان سزایەک بۆ جڕت لێدان دیاری کراوە؟
ئەوەی گرنگە بزانرێ ئەوەیە کە پەیوندییەکی کارلێکی هەیە لە نێوان حکومەت و چینەکانی جەماوەر. کاتێک حکومەت دوا ئەکەوێت لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی سەر شانی بەرانبەر بە جەماوەر. ئەوا جەماوەر بە چەند ڕێگەیەك پەیامەکانی خۆی ئەنێرێ. داواکاری، ڕەخنەگرتن، خۆپیشاندانی جەماوەری و بایکۆت کردن. بەڵام لە دوای ٣٠ ساڵ پەیڕەوکردنی هەموو ئەمانە حکومەت بە ئاستەم گوێی نەبزوێ و خۆی تێک نەدات، ئیتر سەرەی تڕحێوووو و جڕڕڕتیش دێت.
من نازانم حکومەت بۆ بەم جۆرە پەیامانە قەڵس ئەبێت؟ لە کاتێکدا ئەگەر ئەم دوو پەیامە لە ڕووی زمانەوانییەوە شیبکەیتەوە، ڕۆژانە لە فۆڕمی دەربڕینی دیکەدا دەوترێ و حکومەت بە خەیاڵیشیدا نایەت.

