سیستەمی ڕووخاندن
ڕێسایەک هەیە لە زانستی ئیدارەی سیاسیدا دەڵێ: قەیران دروست بکە، دواتر هەر خۆت چارەسەری بکە، بەمەش سۆزی خەڵک بۆ لای خۆت ڕادەکێشی و دەبیتە فریادڕەسی میللەتەکەت! وتەیەکی دیکەش هەیە پێدەچی هی ئینگلیزەکان بێت کە سەردەمانێک پێیان دەوترا (ئەو ئیمپراتۆرییەتەی خۆری لێ ئاوا نابێت) ئەویش دەڵێ: سەگەکەت برسی بکە بەردەوام بەدوات دەکەوێ! فەیلەسوفی گەورەی کەنەدی دکتۆر ئالان دۆنۆ لەکتێبێکی ناوازەیدا بە ناوی سیستەمی هیچوپووچی (نظام التفاهة)، زۆر بە وردی باسی ئەو چەمکانە دەکات کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان پەیڕەوی دەکەن بۆ لەناوبردنی قییەم و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگە لەرێگەی چەسپاندنی سیستەمێکی ناشرینی ئیدارە بۆ حوکمڕانی دەوڵەت، دەیان نموونەش دێنێتەوە بۆ ئەم مەبەستە. ئەو حوکمەی ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا دەکرێ دەقاودەق لەگەڵ ئەو چەمکانەی بەڕێز دۆنۆ یەک دەگرنەوە لە دروستکردنی سیستەمی هیچوپووچی لەکوردستاندا.
لەم وتارەدا چەند نموونەیەک دەخەینە ڕوو کە زۆر بە روونی دیارە سیستەمە حوکمڕانییەکەی هەرێم سیستەمێکی هیچووپووچیە.
١- وێرانکردنی سیستەمی پەروەردە وفێرکردن:
جاران مەنهەجی خوێندن لەقوتابخانەکاندا پڕ لەزانست و فیکر بوون. ئێستا پەیڕەوکردنی سیستەمی سویدی لە قوتابخانەکانی هەرێمێک کە هیچ شتێکی لێکچووی لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدیدا نییە وێرانکردنی بە ئەنقەستی سیستەمی پەروەردەی کوردستانە. ئەمە هەمووی بەلایەک، پەیوەندی مامۆستا و تەلەبەش لەلایەکی دیکەوە. جاران مامۆستا هەیبەتێکی زۆر گەورەی هەبوو، تەلەبە نەیدەوێرا لەسەر شەقامەکانیش لە تەنیشت سێبەری مامۆستاکەی بڕوات، ئێستا لەم سەردەمی هیچووپووچیەدا کادیرێکی حیزبی زۆر بە ڕاشکاوانە و لەبەردەم کامێرادا بە ئەندامانی ڕێکخراوی قوتابیان دەڵێ: ئەگەر مامۆستا لەگەڵت تووند بوو بکێشە بە دەمیا! ئەمە جگە لەوەی ئێستا بە هۆی قەیرانەکانی بێ مووچەیی کەڕامەتی مامۆستا شکێندراوە، زۆربەی مامۆستاکان ئەگەر ئیشێکی دیکە نەکەن کە لەگەڵ پیشەکەشیان ناگونجێ ناتوانن مناڵەکانیان بەخێو بکەن. ئەو سویدەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لاسایی دەکەنەوە مامۆستا لەوێ ژیانی شاهانە بەڕێوە دەبات، بە سیستەمەکەی هەرێمیش مامۆستای ئێمە بووە بە سواڵکەر!
٢- سێکتەری تەندروستی:
ئەم سێکتەرەی کە لەسەردەمی حوکمی بەعسی شۆفینیزمدا بە باشترین سیستەمی تەندروستی لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا ناسرابوو، دەوڵەت هەموو شتێکی بۆ هاوڵاتی دابین کردبوو هەر لە دەرمان و چارەسەری و نەشتەرگەری خۆڕایی، تا دەگاتە کردنەوەی سەدان مستەوسەفی تەندروستی لە گوندە دوورە دەستەکانیش. ئێستا ئەم سێکتەرە بە تەواوی حکومەت دەستی لێ شوشتووە و دراوە بە کۆمپانیاکانی سەر بە دەسەڵات، هەر لە هاوردەی دەرمانەوە کە ئەمە تەنیا کاری دەوڵەتە لەبەر سەلامەتی، تا دەگاتە کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت، لەبەرامبەریشدا ئەو عیادە حکومیانەی تا ئێستا ماونەتەوە هیچ دەرمان و پێداویستی و تەنانەت دکتۆریشی لێ نیە، لەکاتێکدا هەزاران دەرچووی کۆلیژی پزیشکی لەماڵەوە دانیشتوون و حکومەت دایان نامەزرێنێ. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی حکومی لەم ڕۆژانەدا دەیگوت: چەندین ئامێری نەخۆشخانەکەمان لەکار کەوتوون چاوەڕێی خێرخوازانین بەهانامانەوە بێن و لەسەر ئەرکی خۆیان چاکیان بکەنەوە!
٣- پێیسبوونی ژینگە
ساڵانێکە خەڵکی کوردستان بە تایبەتیش خەڵکی هەولێر بەدەست پییسبوونی ژینگەی شارەکەیان دەناڵێنن ، هاوینان دەیان گەڕەکی شار لەبەر بۆنی پاڵاوگەکان هەراسانبوون . هەرچی زەوی کشتوکاڵی هەیە دەستی بەسەردا گییراو کرایە پرۆژەی نیشتەجێبوون . بەدرێژایی دەیان کیلۆمەتر سەوزایی لە دەوروپشتی هەولێر نەما . سەرنج بدەن بەدرێژایی ئەو ڕێگەیەی لە هەولێرەوە دەگاتە حاجی ئۆمەران یەک پاڵاوگەی نەوتی تێدا نییە، هەموو پاڵاوگەکان لەدیوی ڕۆژئاوای هەولێر و دەورەبەری دیبەگە و مەخمور و کەلەک و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێرن، ئەوان ناهێڵن تەنانەت ژینگەی ناوچەکانی خۆشیان پییس بکەن و گرنگ نییە بەلایانەوە خەڵکی هەولێر دووکەڵی ژەهراوی پاڵاوگەکانی نزیک شارەکەیان هەڵمژن.
٤- ئیدارەی حکومەت:
جاران حکومەتەکانی عیراق تا حەددێک بە رژێمی بەعسیشەوە، کاتێک مودیری دائیرەیەکی حکومی دائەنا، دەچوون کوڕی خێزانە ناسراوەکانی شارەکانی کوردستانیان هەڵ دەبژارد بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی حکومەت. ئێستا پێوەری دامەزراندن لە پۆستەکاندا حزبیبوون و ڕادەی دڵسۆزی بۆ دەسەڵات و ئامادبوونیەتی بۆ زوڵم و زۆرداری لە خەڵک، جگە لەوەی هەڵبژاردنی خەڵکی نەخوێندەوار و بوودەڵە و هیچوپووچ و دانانیان وەک بەرپرسی شارەکان. ئەمەش هەمووی لەسەر حیسابی ئەهلی ڕەسەنی شارەکان و عائیلە ناسراوەکانیان.
کاری گەورەی دەسەڵاتی کوردی لە ئەزەلەوە دوژمنایەتی زانست و مەعریفە و خوێندن بووە.. قەت زانیووتانە لەناو بنەماڵە حوکمڕانییەکەی کورددا بیرمەندێک، شاعیرێک، نووسەرێک یان هونەرمەندێک دەربکەوێ؟ ئەوەتا سەرۆکێکی کورد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێ : دەنگی فیشەکم پێ خۆشترە لەدەنگی مۆسیقا! ئەمەش بەڵگەیەکی زۆر ڕوونە کە ئەوان دژی هونەر و جوانی و فیکر و مەعریفەتن.

