یەکێک لە پایە گرینگەکانی ژیانی دێموکراسی، هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕی حکومڕانییە لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە؛ بەڵام لە هەرێمی کوردستان هێشتا پێواژۆی نەرمەگۆڕانی ئاشتییانە لەڕێی سەرڕاستکردنی دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکانەوە، دەڵەمە نەبووە و ئیدی ئومێدێکیش نییە کە وەها زوو، سەرپێ بکەوێت.
دیارە لە ئێستادا بڕیار وایە لەنێو گێژاوی نائومێدییەکی قووڵدا، دەوڵەتی عیراق بە شەشەمین پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەراندا تێبپەڕێت، لەو میانەشدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی پڕۆسەکە بە کەسابەت و خۆدەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک دەبینن، بە بارێکی دیکەشدا ئەوەندەی تر تووشی سەرئێشەی بێهیوایی و لەبەرچاوکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان دەکات؛ چونکە لەڕاستیدا ئەم کردە سواو و دووبارانە، نە هیچ لە گوزەرانی خەڵک دەگۆڕن و نە پڕۆسەی سیاسییش بەرەو پێش دەبەن.
هەر پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیش، بەو پێیەی ئێمە لە دەرەوەی ڕووداوەکان دەژین، ڕەنگە باشتر وێنەکە ببینین و ئاگەداری کاردانەوەکان بین، ئەوەندەی چاودێر بووبین دیارە وەک هەمیشە هەڵبژاردنەکانی عیراق ساردتر بەڕێوەچوون، بەڵام بۆ ئەمجارەیان، لەڕاستیدا ئۆپۆزسیۆنێکی کارا لە مەیدانەکەدا نەماوە، هەتا خەڵک پێی ئومێدەوار بێت، لە هەمانکاتدا ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو، لە گرتن و ڕاوەدوونانی لایەنگرانی بەرەی گەل و نەوەی نوێ، باوەڕی خەڵکی ئەوەندی تر لاواز کرد، ئەمە سەرباری کوشتنی چەندین کەس و داخستنی ژمارەیەک مێدیای زمانحاڵی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە ئەمیش دیسان کەشێکی هێندە نالەباری بۆ دەروونی خەڵک خوڵقاندووە، ئەوەندەی تر باوەڕیان بە هەڵبژاردن و ململانێی دێموکراسی نەمێنێت.
لێرەوە ئەرکی ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستانی هۆشیارە، کە هانی خەڵک بدەن، بایکۆتی ئەو بازاڕە ساختەفرۆشییە بکەن، کە جگە لە نەهامەتی و بارگرانی بۆ سەر شانی هاوڵاتیان، ناتوانێت هیچ گۆڕانێکی ڕژد و بەرهەمدار بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام بە شێوازێکی دیکەی جیاواز، بەتایبەت کە پڕۆسەکە ئاڵاوەتە یەک دنیا گومان و لێڵی و ناڕوونی و هەموان پێیان وایە ئەمجارەش ڕێژەی ساختەکاری بەرز دەبێت، بەجۆرێک هاوڵاتیان تەنها دەنگ دەدەن، نەک هەڵبژێرن، یانی ئەوەی دەنگ دەدات هاوڵاتییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی هەڵدەبژێرێت، کەسانی دیکە و وڵاتانی ترن.
بۆیە لەم ساتەدا دەکرێ بڵێین هاوکۆیی و کۆدەنگییەک دروستووە، سەبارەت بەوەی لەپێناو نەزۆککردنی خەونی ساختەکاری و تێکدانی دیزاینی نەخشەبۆکێشراوی سەرانی دەسەڵاتداری هەرێم،و بەغدا بانگەوازی ئەوە بکرێ، کە دەنگدەرانی ناڕازی و خەڵکانی فامیدە و بە ویژدان، بە سووتاندنی دەنگەکانیان بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن، هەرچەندە من پێش دەستپێکی پڕۆسەکە لەڕێی نووسین و ڕاسپاردەوە بۆ گرووپە خەمخۆر و ناڕازییەکانی نێوخۆی وڵات و دەرەوەش ئەو ڕاستییانەم درنکاندووە، بەڵام چونکە پرسی هەڵبژاردن ڕۆژەڤی ئەوکات نەبوو، بۆیە پەیامەکەی ئێمەش بە جێکەوتە نەبوو، ئەوەشمان بە زەلالی ڕاگەیاند، کە سووتاندنی دەنگەکان ڕێگەیەکی دیکەی دەربڕینی ناڕەزایەتی و فۆڕمێکی دیکەی بایکۆتە، ئامانجی ئەم کردەیەیش ئەوەیە، کە ئالییەتی بایکۆت گۆڕانی بەسەردا بێت و لە بڵندگۆیەکی جیاوازەوە ببێتە هاوارێکی گەورەی بیستراو، هەم بۆ دنیای دەرەوە و هەمیش بۆ نێوخۆی کوردستان، کە سازاندنی جۆرێک لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی خەڵکانی ناڕازیشە.
بیرمان نەچێت، بەرزیی ڕێژەی دەنگی سووتاو، دەبێتە داتایەکی باش بۆ ئێمەی چالاکوان و ڕاگەیاندکارانی هەندەرانیش، کە دەتوانین بەو داتایانە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک چاکتر بگەیەنین بە دنیای دەرەوە.

